http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/issue/feed
گۆڤاری ئەکادیمیای کوردی
2023-09-24T08:05:51+00:00
Open Journal Systems

گۆڤارێكی زانستی وەرزییە ئەكادیمیای كوردی لە هەولێر دەریدەكات ، بایەخ بە لێكۆڵینەوەی كوردناسی لە بوارەكانی زمان و ئەدەب و مێژوو و جوگرافیا و ڕۆشنبیری و كلتووری كوردی دەدات. لێكۆڵینەوە بە زمانەكانی كوردی ، عەرەبی ، فارسى ، ئینگلیزی ، فرەنسی... بڵاودەكاتەوە. ژمارە (1)ی لە ساڵی (2002)دا بڵاوبۆتەوە. گۆڤارەكە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان باوەڕپێكراوە بەمەبستی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی.

ISSN:2520-4106

http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/449
شیكردنەوەی باری دەروونیی ئاخێوەر لە زمانەوانیی دەروونیدا
2023-09-11T08:49:15+00:00
ئەمیر موحەممەد موحەممەدئەمین
Amir.muhammadamin@su.edu.krd

ئەم توێژینەوەیە بە ناونیشانی (شیكردنەوەی باری دەروونیی ئاخێوەر لە زمانەوانیی دەروونیدا)یە، توێژینەوەكە لە ڕوانگەی زمانەوانیی دەروونی كارەكەی ئەنجامداوە. ڕێبازی توێژینەوەكە، پەیڕەوكردنی ڕێبازی وەسفی شیكارییە بۆ لێكدانەوە و شیكردنەوەی دەربڕینە زمانییەكان. سنووری توێژینەوەكە لە چوارچێوەی دیالێكتی ناوەڕاستی زمانی كوردیدایە و گرنگیەكەشی لەوەدایە، كە باری دەروونی ئاخێوەری زمانی كوردی لە كاتی دەربڕینە زمانییەكاندا شیدەكاتەوە، كە لە چ دۆخێكی دەروونیدایە، چونكە دەربڕینە زمانییەكان كاتێ لە دەمی ئاخێوەر دەردەچن، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەك فۆڕمی زمانی لەخۆگرتووە، بەڵام ئەم فۆڕمە زمانییانە لە هەمان كاتدا بارگاوین بە باری دەروونی ئاخێوەرەوە.

لەم توێژینەوەیەدا گریمانەی ئەوە دەكرێت، كە دەربڕینە زمانییەكان دەبنە هۆی ئەوەی، كە باری دەروونیی ئاخێوەر بزانرێت، كە لە چ دۆخێكی دەروونیدایە.

ناوەڕۆكی توێژینەوەكە سەرەڕای هەبوونی پێشەكی و ئەنجام و سەرچاوەكان و پوختەیەك بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، لە دوو بەش پێكهاتووە:

بەشی یەكەم سەرەتا باسی هەندێ لایەنی ئاكار و سەرهەڵدانی زمانەوانیی دەروونی دەكات، كە بابەتەكانی زمانەوانیی دەروونی، سەرهەڵدانی زمانەوانیی دەروونی، پێناسەی زمانەوانیی دەروونی، گەشەسەندنی زمانەوانیی دەروونی، زمانەوانیی دەروونیی گەشەیی، زمانەوانیی دەروونیی ئەزموونی، ئاكارە گرنگەكانی زمانەوانیی دەروونی، دیاردەی دەروونی، واتای دەروونی لەخۆدەگرێت.

لە بەشی دووەمدا باس لە شیكردنەوەی باری دەروونیی ئاخێوەر لە كاتی دەربڕینە زمانییەكاندا دەكات، كە بابەتەكانی پرۆسەی كاركردنی زمان، توانست و چالاكی لای چۆمسكی، ڕۆڵی زمانەوانیی دەروونی لە كۆمەڵی زمانیدا، ڕۆڵی زمانەوانیی دەروونی لە لای تاكەكەسدا، دەربڕینە زمانییەكان، باری دەروونیی ئاخێوەر لەخۆدەگرێت.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/447
کرێکار لە شیعری نوێ و هاوچەرخی کوردیدا
2023-09-11T08:32:33+00:00
عەتا رەشید حسێن
Atta.husain@univsul.edu.iq
عەباس ساڵح عهبدوڵلا
Abas.abdulla@univsul.edu.iq

شیعر، وەکو ژانرێکی ئەدەبی، دەکرێت لە گەلێك ڕەهەند و ڕووەوە شەنوکەو بکرێ و لێی بکۆڵرێتەوە، جا ئیدی لە ڕووی ڕوخسارەوە بێ، یاخود لە ڕووی ناوەرۆکەوە بێت. هەر یەکێکیش لەو تەوەر و ڕووانە دەکرێ هەریەکەیان بە تەنها ببنە کەرەستە و هەوێنی باسێك و توێژەر بەپێی توانا و سەلیقەی خۆی کاریان لەسەر بکات.

لەو چوارچێوەیەشدا، یەکێك لەو تەوەر و ڕووانەی، کە ئێمە کارمان لەسەری کردووە و بنیاتی توێژینەوەکەمانی لەسەر بنیاتنراوە، ناوەرۆك و مەبەستێکی شیعرییە، ئەویش ڕەنگدانەوەی ڕۆڵ و پێگەی کرێکارە ، وەکو چینێکی زەحمەتکێش و هێزی بازوو لە نێو شیعری نوێ و هاوچەرخی کوردیدا بە ناونیشانی (کرێکار لە شیعری نوێ و هاوچەرخی کوردیدا)، کە وەکو یەکێك لە بابەت و مەبەستە شیعرییەکان سەرنجی گەلێك شاعیری کوردی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و هەر شاعیرێکیش بەپێی توانا و لە ڕوانگەی دید و بۆچوونە فیکرییەکەی خۆیەوە هەوڵیداوە سوود لەو بابەتە وەربگرێ و لە بنیاتی هەندێك لە دەقە شیعرییەکانیدا ڕەنگی پێ بداتەوە و بەهۆیەوە پەیامە شیعرییەکەی بدات بە گوێی خوێنەر و بیسەردا.

گومانی تێدا نییە، کرێکار یەکێکە لەو چین و توێژە گرنگ و بەرچاوەی، کە لە نێو هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا هەبووە و بوونی هەیە و بە درێژایی مێژووش ڕۆڵی هەبووە لە بنیاتنانی شارستانیەتدا و ڕەنج و ماندووبوونی زۆری کێشاوە و لە زۆرێك لە کایەکانی ژیاندا ڕۆڵ و کاریگەری جوانی هەبووە، بەڵام مخابن وەکو پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و بە هەند وەرنەگیراوە.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/446
هونەری گێڕانەوە لە ڕۆمانی (خۆڵەمێشی تەرمی کتێبێک)دا
2023-09-11T08:23:22+00:00
نەجم خالد نهجمەددين ئەڵوەنی
najm.alwani7@gmail.com

ڕۆمانی (خۆڵەمێشی تەرمی کتێبێک) یەکەمین ئەزموونی ڕۆماننووسيی (حەمە سەعید زەنگنە)ی چیرۆکنووسە کە چاپی یەکەمی لە ساڵی (٢٠٢١) لە شاری کەرکووک بڵاوبووەتەوە. پاش خوێندنەوەی دەقەکە بیرۆکەی ئەوەمان لا دروست بوو کە توێژینەوەیەکی لەسەر بنووسین و وامان بەباش زانی هونەری گێڕانەوە بکەینە بابەتی توێژینەوەکە. لەم توێژینەوەیەدا بە چوار تەوەر باسی جیاوازیی نێوان نووسەر و کارەکتەری وێناکراو و بنیاتی هونەریی کارەکتەر و زمانی ئاخاوتنی ئەوان و هەروەها باسی بنیاتی وەسف و چەند بابەتێکی ترمان کردووە.

میتۆدی توێژينهوهكه: بۆ نووسینی ئەم توێژینەوەیە پشتمان بە میتۆدی (ڕهخنهی هونهری) بەستووە، چونکە بە بڕوای ئێمە باشتر لەگەڵ بۆچوونەکانمان دەگونجێ و خودی دەقەکەش لەڕووی واتا و بنیاتی هونەرییەوە زیاتر بەم میتۆدە ڕوون دەبێتەوە. هەروەها بۆ ڕێکخستنی پەراوێز و سەرچاوەکان سوودمان لە سیستەمی هارفارد وەرگرتووە.

كێشهی توێژينهوهكه: ئهگهرچی ئهم دهستهواژهیه باوه، بهڵام ئێمه به پرسیاری توێژینهوهی دادهنێین و بڕوامان به وهیه ههر توێژینهوهیهك پرسیارێكه و وهڵامی دهوێ و دهبێت تهواوی ئهو وهڵامه پهیوهندی به ناوونیشان و ههموو تهوەرهكانی توێژینهوهكه و ئهنجامهكانییهوه ههبێت. پرسیاری ئهم توێژینهوهیهش لهوهدا پوخت دهبێتهوه كه ئایا ئهم ڕۆمانه تا چ ڕادهیهك لهڕووی هونهرییهوه سهركهوتوو بووه، و ڕۆماننووس چی كردووه بۆ ئهوهی بنهما هونهرییهكانی گێڕانهوه لهم ڕۆمانهدا بهرجهسته بكات. كۆی توێژینهوهكه و ئهنجامهكانی وهڵامن بۆ ئهو پرسیاره.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/444
سیما ئەفسانەییەکان لە ڕۆمانی 'کەنداڵی نەزر'ی بەناز عەلیدا
2023-09-11T07:51:27+00:00
سومەييە نەجيب خەليل
sumaya.khalil@su.edu.krd
جەلال ئەنوەر سەعيد
jalal.saeed@su.edu.krd

گرنگترین خاڵی پەیوەنديی نێوان ڕۆمان و ئەفسانە 'کۆ نەست'ی مرۆڤە. دواتریش 'کەونە چەشنەکان' کە بنەمای سەرەکی ئەفسانەكانن. بوونی ئەم نزیکییەی نێوان ئەم دوو جۆرە ئەدەبییە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ڕەخنەیەکی نوێ بەناوی 'ڕەخنەی ئەفسانەيى'. ئەم جۆرە ڕەخنەیە بایەخ بە چۆنیيەتی دەرکەوتنی ئەفسانە و کەونە چەشنەکان دەدات لە دەقی ئەدەبیدا. لە ڕۆمانی 'کەنداڵی نەزر'دا نیشانە و کەونە چەشنی ئەفسانەيى بە شێوەی دیار و شاراوە بەدی دەکرێت، کە بەخوێندنەوە و لێکدانەوەیان دەکرێت خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ دەقی ڕۆمانەکە بکرێت. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە دیارکردنی تایبەتمەنديی ئەفسانەيى و کەونە چەشنی ئەم ڕۆمانەیە لەسەر بنەمای ڕەخنەی ئەفسانەيى. خوێندنەوەی ڕۆمانی 'کەنداڵی نەزر' بەم شێوازە، وێڕای ئاشکراکردنی جیهانی ئەفسانەیی، ئەوە دەردەخات کە یەک لە بنەما گرنگەکانی ئەم ڕۆمانە، ڕۆچوون و هەرەسهێنانی ئێزدە ئافرەتە. ئەم خانمە ئێزدانە لە دونیای مۆدێرندا ڕووبەڕووی وێنەی پێچەوانەی جیهانەکەی پێشوویان دەبنەوە و پلە بە پلە دەگۆڕێن و تایبەتمەنديی ئێزدانی لەدەست دەدەن. ئاریا بەهۆی ئەو گومانەی کە لەگەڵ لەدایکبوونی ئەهریمەن بەدیاری پێی بەخشی. بەرامبەر وێنەی زەینی کە مرۆڤە دەوەستێ و لەئەنجامدا هێز و دەسەڵاتی ئێزدی لەدەست دەدات و دەبێتە کچێکی بێ نرخ و لەلایەن پیاوەوە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و تەنانەت هەوڵی دەستدرێژی و کوشتنیشی دەدرێت .

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/135
گوتاری مانەوە لە ڕۆمانی "بەندەر فەیلی"ی بەختیار عەلی بەپێی چوارگۆشەی واتایی-گریماس
2022-12-21T20:28:05+00:00
هەرێم عوسمان مەعروف
harem.maruf@univsul.edu.iq
عەلی تاهیر بەرزنجی
ali.hussein@univsul.edu.iq

گوتاری مانەوە، دژ، ناکۆکی، تێهەڵکێش، چوارگۆشەی واتایی.

چوارگۆشەی واتایی یان نیشانەیی نموونەیەکە بۆ شیکاریی دەق، گریماس لەسەر بنەمای دوانەی بەرامبەری بونیادی ناوە، بەو پێیەی نیشانەکان لە پەیوەندیدا نەک بە تەنیا واتا پەیدادەکەن، پەیوەندی دوانەی بەرامبەریش تۆوی پەیوەندیگەلی نوێن، کە لە دوانەیەکەوە بۆ چەندین دوانە گەشە دەکات. "ئازادی"و "بەندی" لەڕۆمانی "بەندەر فەیلی"دا گەردوونێکی نیشانەییان سازکردووەو بنەڕەتن بۆ پەیوەندی نوێی نیشانەیی، لەنێو ئەو پەیوەندییە نوێیەشدا "گوتاری مانەوە" لەدایکدەبێت، کە خۆگونجێنە و چۆنێتی بەلاوە گرنگ نییە، بیر لە چەند مانەوە دەکاتەوە، لەبەرئەوە بەندەر وەک بەندێکی ئازادو ئازادێکی بەند؛ بە هەناسەی دەستکرد دەژی. بەندەر هەڵگری زنجیرەیەک نیشانەی واتایی مێژووکردە، بەرامبەرەکەشی ڕژێمی بەعس و ئایدۆلۆجییەکەیەتی بەهەمانشێوە، ئەم دووانەیە لەناو مێژوویەکی درێژی ململانێدان، نیشانە واتاییەکانی ئەم ڕۆمانە لەنێو ئەو مێژووەوە هەڵدەقوڵێن. بەندەر وەک منداڵێک لەدەرەوەی ئەم تێگەیشتنە مێژووییە، لەو واقیعەدا لەدایکدەبێت؛ لە باوکێکی بەعسی و دایکێکی کوردی فەیلی. چیرۆکی ڕۆمانەکە زادەی چەندین نیشانەی بەرانبەر و ناکۆکە، چوارگۆشەی واتایی گریماسیش جەختی لەسەر پەیوەندییە دژ، ناکۆک و تێهەڵکێشەکانە، تیۆرەکەی گریماسیش تێهەڵکێشی فۆرمالیستو بونیادگەرییە، کە سیمۆلۆجی گێڕانەوەی لێبەرهەمهاتووە.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/448
بنياتى هزرى له شیعرهكانی (نهجات ئهسپیندارهیی)دا
2023-09-11T08:44:10+00:00
ئارهزوو ئەزوەر كەریم
Arazu.Karim@su.edu.krd
مهولود ئیبراهیم حهسهن
mawlud.hassan@su.edu.krd

(بنياتى هزرى له شیعرهكانی نهجات ئهسپیندارهيی ) دا ناونيشانى ئهم توێژینهوهيه, دیاره ههموو دهقێكی ئهدهبی شیعرى بێت یاخود پهخشانی بێت، لهسهر هزرێك دادهمهزرێت. ئهم هزره بهشێوازێكی واتایی ئامادهیی ههیه له بیری خاوهنهكهیدا، دوای ئهوه بهدوای وشه و دهربڕین و فۆرم و ڕهگهزه ئهدهبییهكاندا دهگهڕێ، بۆ دروستبوونی دهقی ئهدهبی، ئینجا ڕهگهزهكانی دیكه دێن, ئهم هزره به جوانی دهگهیهنن.

نهجات ئهسپیندارهیی شاعیرێكه بنياتى ههموو شیعرهكانی لهسهر چهند هزرێكی بههێز دادهمهزرێنێت .

ئهگهر له بنیاتی ههموو دهقهكان ورد بینهوه، دهبینین ئهو دهقهی كهوا هزرهكهی بههێزبێت ، ئهوا زۆرترین كاریگهری دروست دهكات، ئهگهر بێت و به هۆكاری جوان به زمان و به شێوازێكی بههێز وهكو هزرهكه پێشكهش كرابێت، به پێچهوانهشهوه ههردهقێك ئهگهر به ئاستێكی بهرزی شیعری نهنووسرابێت، ئهوا ئهنجامهكهی نادات بهدهستهوه، لێكۆڵینهوهكهمان بهناونیشانی سهرهوهیه و تاوتۆی شیعرهكانی شاعیر"نهجات ئهسپیندارهیی" دهكهین.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/445
هونهرهكانی سهروا له شیعره عهرووزییهكانی گۆراندا
2023-09-11T08:09:16+00:00
كاروان ئهحمهد حهمهد
Karwan.a.hamad@su.edu.krd

ئهم لێكۆڵینهوهیهی بهردهست بهشێوهیهكی گشتی لێكۆڵینهوهیهكه له بارهی سهروا له شیعره عهرووزییهكانی گۆراندا، باسێكی وهسفی شیكارییه و له هونهرهكانی سهروا لای گۆران دهكۆڵێتهوه لهگهڵ ئاماركردنی جۆره جیاوازهكانی سهروا، سنووری لێكۆڵینهوهكه تهنها ئهو (42) شیعره عهرووزییهی گۆرانه كه لهسهر كێشی عهرووزی عهرهبین. مهبهستمانه زیاتر تیشك بخهینه سهر لایهنی سهروایی لهم شیعرانه و ههوڵمان زیاتر بۆ ئهوهیه كه شارهزایی گۆران له هونهرهكانی سهروا و پابهندبوونی بهسهروای عهرووزی بخهینهڕوو. ئهم لێكۆڵینهوهیه جگه له پێشهكی و ئهنجام دابهشكراوه بۆ سهر دوو بهشی سهرهكی: بهشی یهكهم تایبهته به سهروا و دهنگهكانی سهروا، وهكو: (ڕهوی، پێش ڕهوی پاش ڕهوی، وردهكارییهكانی تری سهروا، ههروهها وشهكانی سهروا و وشهی پێش سهروا و پاش سهروا (ڕهدیف) له شیعرهكانی شاعیردا، بهشی دووهمیش تایبهته به جۆره جیاوازهكانی سهروا لای گۆران له وێنهی: (سهروای یهكگرتوو، سهروای مهسنهوی، چوارین، شهشینه، ههشتینه، سۆنێت و تاك)، لهگهڵ ئامار و ڕێژهی بهكارهێنانی ههر یهكێك لهم جۆرانهی سهروا. به چهند ئهنجامێك كۆتایی به باسهكه هێنراوه.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/279
زنجيرەى پاشایانی گوتی و ناسناوەکانیان لەبەر ڕۆشنایی تێکستە مێخییەکان
2023-04-25T16:48:10+00:00
شاكر رضا ئەحمەد
shakir.ahmed@epu.edu.iq
جەزا شۆڕش حەمەشەریف
jaza.hamasharif@univsul.edu.iq

ناسناوی پاشاکان، پاشاکانى گوتی، نووسینی مێخى، میسۆپۆتامیا، سۆمەری

ئەم توێژینەوەیە بەناونیشانی (زنجیرەی پاشایانی گوتی و ناسناوەکانیان لەبەر ڕۆشنایی تێکستە مێخییەکان)، لە مێژووى ناو و ناسناوى پاشا گوتییەکان دەکۆڵێتەوە لەسەرەتای دەرکەوتنیان لە ناوچەکانی زاگرۆس، کە بۆ ماوەیەک لە باکوری میسۆپۆتامیا هاوشێوەی نەتەوە کۆنەکانی تری زاگرۆس فەرمانڕەوایی بەشێکی باکوری میسۆپۆتامیایان کردووە، دواتر توانیان ئیمپراتۆریەتی ئەکەدییەکان بڕوخێنن و بۆ ماوەی زیاتر لەسەدەیەک فەرمانڕەوایی بەشی زۆری میسۆپۆتامیا (وڵاتی ئەکەد و سۆمەر، جگە لە شاری لەگەش) بکەن، لەم تویژینەوەیەدا ئاماژە بە ناوى (25) پاشاى گوتی لەگەڵ ناسناوەکانیان ئەگەر هەبووبێت کراوە، چونکە بەشیک لەم پاشایانە هەڵگری هیچ ناسناوێک نەبوون ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە، کە ئێمە نازانین گوتییەکان بە زمانی خۆیان چ ناسناوێکیان بۆ پاشاکانیان بەکارهێناوە، هەروەها تائێستا هیچ لیستێک یان ئەرشیفێکی تایبەت بە پاشاکانی گوتی نییە یان نەدۆزراوەتەوە، کە لەلایەن گوتییەکانەوە نوسرابێت، ئەوەی لەبەردەستدایە لیستی پاشاکانی سۆمەریە، کە ناوی پاشاکانى گوتی تیادا تۆمارکراوە، بەپێی سەرچاوە مێخییەکان پاشاکانى گوتی تەنها هەڵگری ناسناوی پاشا (LUGAL) بوون یان هەر ناسناویان نەبووە، کە ئەمەش جێی پرسیارە، چونکە پاشاكانى گوتی لەڕووی هێز و دەسەڵات و فراوانی ئەو ناوچەیەی فەرمانڕەواییان تیادا کردووە زۆر جیاوازبوون، هەروەها ئەو گۆڕانکاریانەى لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتییان هەبووە بەپێی ئەو تۆمار و نوسراوە مێخییانەی، کە تاوەکو ئێستا دۆزراونەتەوە و لەبەر دەستن، لەم توێژینەوەیەدا هەوڵمانداوە هەموو ئەو بۆچوونانە بخەینە ڕوو، کە لەسەر ناو و ناسناو و ساڵانى فەرمانڕەوایی پاشاکانى گوتی هەیە بەتایبەتیش لەو ماوەیەی، کە فەرمانڕەوایی بەشی زۆری میسۆپۆتامیایان کردووە، ئەم توێژینەوەیە بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بەستووە بە لیستی پاشایانی سۆمەرى.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/185
توانستە مرۆیەکانی پەرەپێدانی لادێی لە ناوچەی باڵەکایەتی – دۆلی ڕۆست وەک نموونە
2023-02-19T10:18:00+00:00
رەنجدەر كامەران ڕەحمان
ranjdr.rahman@su.edu.krd
تەنكە عوسمان سەعید
tnka.saeed@su.edu.krd

وشە سەرەكییەكان: توانستە مرۆیەکان. دابەشبونی نشینگە لادێیەکان، پەرەپێدانی لادێی، دۆلی ڕۆست، خزمەتگوزاری

گومان لەوەدا نیە کە جیاوازی لە شێوەکانی بەکارهینانی ژینگە کە دانیشتوان پشتی پێدەبەستێت وا لە جوگرافی دەکات تێبینی بکات و توێژینەوە لە بارەیان ئەنجام بدات بە تێگەیشتنی زانستیانە، بە جۆرێک شارە گەورەکان جیاوازی لە ڕووی ژمارەی دانیشتوان و پێشکەتنی ژیاریان هەیە، هەروەها لە ڕووی پیشەسازی لەگەڵ ناوچەکانی دەورەبەریان کە هەرێمەکانی لادێی لەوێدا هەیە ڕووبەرێکی جیاواز و بەقەبارەو ڕەهەندی جیاواز کە بووە هۆی ئەم جیاوازیە لە تەوەرەکانی لادێی پێویستی بە توێژینەوەی جوگرافی هەیە، بەتایبەتی ئەگەر ئەو هەرێمە یان ئەو ناوچانە خاوەن توانستی مرۆیی و ئابووری بێت، هەربۆیە جۆری ئەم توانستانە وا لە جوگرافی دەکات بایەخیان پێبدات و چارەسەری تەواوکاریان بۆ بدۆزێتەوە لەگەڵ باشترین ڕێگا بۆ پەرەپێدان و پێشخستینیان، ئەم توێژینەوە گرنگی شوێنی جوگرافی ناوچەی لێکۆڵینەوە بەدیار دەکەوێت، ئامانج لەم توێژینەوە ڕۆشنایی خستنە سەر ڕۆلی توانستە مرۆیەکان لەسەر پەرەپێدانی لادێی، بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجی توێژینەوەکەمان بەسەر چەند بەش و باسێک دابەشکردووە، لەوانە بەشی یەکەم باس لە ناساندی ناساندنی ناوچەی لێکۆڵینەوە و چەمک و زاراوەکانی پەیوەندیدار بە توێژینەوەکە کراوە، هەرچی بەشی دووەمە باس لە تایبەتمەندیە مرۆیەکان کراوە، و لە بەشی سێەمیش باس لە قەبارە و شێووازی دابەشبوونی نشینگە گوندیەكان کراوە،و لە بەشی چوارەمیش تایبەتمەندیە ئابوریەکراوە ڕوونکراوەتەوە، لە بەشی پێنجەمیش هاوکات کۆتا بەشی توێژینەوەکەیە باس لە خزمەتگوزاریەکان کراوە، لە کۆتایش توێژینەوەکە بە چەند دەرئەنجام و ڕاسپاردەیەک کۆتایی هاتووە .

توانستە مرۆیەکان. دابەشبونی نشینگە لادێیەکان، پەرەپێدانی لادێی، دۆلی ڕۆست، خزمەتگوزاری

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/440
ڕەنگدانەوەی داب و نەریت و گیروگرفتە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەی كوردی لە ڕۆژنامەوانيی كوردیدا لە عێراق (1958-1968)
2023-09-11T06:32:39+00:00
ئازاد عوبێد ساڵح
azad.salih3@su.edu.krd
ڕێباز لوقمان ڕەشاد
rebaz.rashad@su.edu.krd

ماوەی نێوان ساڵانی (1958-1968) بە ماوەیەكی گرنگ دادەنرێت لە مێژووی هاوچەرخ ئەوەیش بە هۆی ئەو گۆڕانكارییە سیاسییانەی لە باشووری كوردستان و ناوچەكە ڕوویانداوە، وەكو گۆڕانكاری لە سیستەمی حوكمڕانی لە عێراق و بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلوول، ئەم ڕووداوە گرنگانەش بێگومان كاریگەرییان لەسەر لایەنی كۆمەڵایەتی و داب و نەریتەكانی كۆمەڵگەی كوردی هەبووە، بە تایبەت ئازادیی كاری رۆژنامەوانی لە سەرەتاكانی شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 بووە هۆی دەرچوونی ژمارەیەك زۆر لە ڕۆژنامە و گۆڤار، ڕۆڵیان هەبووە لە بڵاوكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پەنجە خستنە سەر گرفت و برینەكانی كۆمەڵگە بە ئومێدی ئەوەی چارەسەرێكیان بۆ بدۆزرێتەوە. ڕۆژنامەوانی ئاوێنەی ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی سەردەمی خۆیەتی بە تایبەت لایەنی كۆمەڵایەتی و لە نێویشیدا داب و نەریتەكانی كۆمەڵگە لە ڕۆژنامەكاندا زیاتر لای لێ كراوەتەوە، چونكە داب و نەریتەكان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی خەڵكییەوە هەیە. لەم ماوەیەدا رۆژنامەوانان ئاماژەیان بە چەندین نەریتی جوان داوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند نەریتێكی چەوت هەبوون، كە ڕێگربوون لەبەردەم پێشكەوتنی كۆمەڵگە لە بواری كۆمەڵایەتی، وەك باوەڕبوون بە نوشتەو فاڵگرەوەكان، هەندێك لە نەریتەكانی ژن هێنان لەو ماوەیەدا ئاماژەی پێكراوە، چەندین لێكەوتەی خراپی بۆ خێزانەكان دروست كردووە، هۆكارێك بوون بۆ دواكەوتنی كۆمەڵگەی كوردی، لەو ماوەیەدا ڕۆژنامەوانان لەهەوڵدابوونە بۆ پێشخستن و بڵاوكردنەوە و بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خێزان و خستنەڕووی مافەكانی ئافرەت و بایەخدان بە پەروەردەكردنی منداڵان بە شێوەیەكی دروست و سەركەوتوو، لەم ڕووەوە كاریگەری و ڕۆڵی خۆیان هەبووە.

توێژینەوەكە چوار باسی سەرەكی لەخۆ دەگرێت: باسی یەكەم ئاماژە دراوە بە نەریتەكانی كۆمەڵگە و بیروباوەڕە میللییەكان، لە باسی دووەمدا تیشك خراوەتە سەر خێزان و ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت و پەروەردەكرنی منداڵ و پێكهێنانی خێزانێكی سەركەوتوو، یاری و جەژن و بۆنە كۆمەڵایەتییەكانیش لە باسی سێیەمدا خراونەتەڕوو، باسی چوارەمیش كێشە و گرفتە كۆمەڵایەتییەكان لای لێ كراوەتەوە، لە كۆتاییشدا ئەنجامی توێژینەوەكە باسی لێوە كراوە

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/443
گرنگی پلاندانان بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵ لە کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکاندا
2023-09-11T07:38:14+00:00
سامان جەلال
saman.mawlood@su.edu.krd
عوبەید سوبحی عوبەیدوڵڵا
obeyd984@gmail.com

ئێستا ژمارەیەک کەناڵی ئاسمانی کوردیی هەواڵیمان هەیە، ڕۆژانە ڕووماڵکردنی ڕووداو و پێشهات و هەواڵەکانمان بەرچاو دەکەوێت، ئەم کارکردنە بەبێ ئامادەکاری پێشوەختە و پلاندانان ئەستەمە ڕووماڵێکی باش و کاریگەر و هەواڵێکی باش بەرهەم بێت، ئەم ئامادەکارییە کاری ڕۆژانەی ستافی بەشی پلاندانانە لە ژووری هەواڵی کەناڵە هەواڵییەکان.

لەم توێژینەوە تیۆرییەدا بە ناونیشانی ( گرنگی پلاندانان بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵ لە كەناڵە ئاسمانییە کوردییەکاندا) هەوڵم داوە گرنگی و کاریگەری بەشی پلاندانانی کەناڵی ئاسمانی ڕووداو لە ئامادەکاری پێشوەختە بۆ ڕووماڵکردنی پێشهات و ڕووداوە چاوەڕوانکراوەکان و بەرهەمهێنانی هەواڵ ڕوون بکەمەوە، بۆیە لەم گۆشەنیگایەوە کێشەی ئەم توێژینەوە ئەوەیە کە تا چەند بەشی پلاندانان کاریگەری لەسەر ڕووماڵێکی باشی پێشهات و ڕووداوەکان و بەرهەمهێنانی هەواڵ لە کەناڵەکانی ئاسمانی کوردی هەیە، هەروەها دانانی پلانی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان و هەڵسەنگاندن و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پلان چین؟

ئامانجی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە، زانینی شێواز و چۆنێتی کارکردنی ڕۆژانەی بەشی پلاندانانی کەناڵێکی هەواڵییە بۆ ڕووماڵی ڕووداوەکان.

گرنگيی ئەم توێژینەوەیە لەوەدایە، بزاڤێکی ئەکادیمی بۆ شرۆڤەکردن و باسکردنی پەیوەنديی نێوان بەشی پلاندانانی ژووری هەواڵی کەناڵێکی ئاسمانی و ڕووماڵکردنی پێشهات و ڕووداو و هەواڵەکان.

چەند دەرئەنجام لەم توێژینەوەدا دیاربوون؛ لەوانەش، پلاندانانی کەناڵی ڕووداو بۆ ڕووماڵی ڕۆژانەی پێشهات و هەواڵەکان، ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبووە لەسەر باشترکردنی توانای کەناڵەکە بۆ کێبڕکێکردنی کەناڵەکانی دیکە و هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبووە لەسەر باشترکردنی ئەدای کەناڵەکە.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/349
دەقی (لەدەستم دێ)ی (عبدالله پەشێو) لە روانگەی رەخنەی دەروونشیکارییەوە (تیۆر و چەمکەکانی دەروونشیکاری (فرۆید)ی بە نموونە)
2023-06-25T07:40:10+00:00
رێبین خەلیل قادر
Rebeen.qader@su.edu.krd

میتۆدی رەخنەی دەروونشیکاری کە بە کاریگەری قوتابخانەی دەروونشیکاری (بەتایبەتیش تیۆر و بۆچوون و زاراوە و چەمکەکانی فرۆید) دامەزراوە، پێیوایە کە دەقی شیعری بەرهەمی حەز و ئارەزوو و غەریزە چەپێنراوەکانی نائاگایی دەقنووسە، بەتایبەت ئەو غەریزە و حەز و ئارەزووانەی کە دەقنوس لەماوەی ژیانیدا نەیتوانیووە بیانهێنێتە دی و جێبەجێیان بکات. هەمان دۆخ بەسەر دەقی (لەدەستم دێ)دا زاڵە. ئەم دەقە ئەنجامی ئارامگرتن و بەردەوام ناردنەوەی رق و کینە و توڕەییێکە بۆ ناو نائاگایی کە دەروون و ناخی شاعیری پێوە دەناڵێنێت، بۆیە شاعیریش بە پەنابردنە بەر چەند میکانیزمێکی بەرگری دەروونی و بە گۆڕینی هەستی توڕەیی و هەڵچوونە دەروونییەکانی بۆ رەمزی شیعری توانیوویەتی لەڕێگەی شیعرەوە ئەم هەڵچوونە پەنگخواردووانەی دەروونی بگۆڕێت بۆ شیعر و گوزارشت لە نائارامی و ململانێی دەروون و نائاگایی خۆی بکات. ئەم توێژینەوەیە بەناونیشانی (دەقی (لەدەستم دێ)ی (عبدالله پەشێو) لە روانگەی میتۆدی رەخنەی دەروونشیکارییەوە (تیۆر و چەمکەکانی دەروونشیکاری (فرۆید)ی بە نموونە). هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی دەقەکە لە روانگەی ئەم میتۆدە رەخنەییەوە بە سوودوەرگرتن لە تیۆر و چەمکەکانی دەروونشیکاری فرۆیدی. ئەم توێژینەوەیە لە پێشەکی و دوو بەش پێکهاتووە و لە کۆتاییشدا ئەنجامەکان و لیستی سەرچاوەکان خراونەتە ڕوو.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/136
دور علماء الكورد في الحياة العلمية من خلال كتاب (فوات الوفيات والذيل عليها) للكتبي (ت764ه/1362م) خلال القرن 5-7 الهجري/ 11-13ميلادي
2023-01-04T12:16:02+00:00
كامل قادر اسود
kamil.qadir@su.edu.krd

يعد هذا البحث محاولة لدراسة دور العلماء الكورد في الحياة العلمية خلال القرن الخامس –السابع الهجري/ الحادي عشر- الثالث عشر الميلادي، من خلال كتاب (فوات الوفيات والذيل عليها) للمؤرخ محمد بن شاكر الكتبي المتوفى سنة 764ه/1362م ، اذ اشار في كتابه المذكور وفي سياق ترجمته للخلفاء والامراء والسلاطين والعلماء والقضاة الذين كان لهم دور في بناء الحضارة الإسلامية، الى عدد لابأس به من الأمراء والعلماء الكورد والمنتسبين الى البلدان والمدن الكوردية الذين برعوا في ميادين شتى في علوم الحديث والفقه والتصوف واللغة والنحو.

يتناول هذا البحث دور أولئك العلماء الكورد او المنسوبين لبلاد الكورد، الذين كان لهم دور بارز في الحياة العلمية خلال القرن(5-7ه) في بلاد الشام ومصر، ويأتي أهمية هذا الكتاب في ان المؤرخ الكتبي ترجم لعدد من أعلام الكورد الذين لم يترجم لهم المؤرخ ابن خلكان (ت 681ه/1282م) في كتابه (وفيات الأعيان) ويأتي اهميته ايضاً أن كتابه (فوات الوفيات) اصبح مصدراً اساسياً للمؤرخين الذين جاءوا من بعده في ذكرهم للعلماء الكورد ومنهم المؤرخ (ابن العراقي ت826ه/1422م)، والمقريزي (845ه/1441م)، وابن تغري بردي(ت874ه/1469م) وغيرهم.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/442
A Study of the Cultural Intricacies that the Students Face during Language Learning Processes
2023-09-11T07:30:27+00:00
Arev Merza Astifo
arev.astifo@su.edu.krd

ستراتیژەکانی فێربوون لەسەر بنەمای تێگەیشتن و شیکردنەوە کە لەسەر بنەمای دامەزراوەیەکی ئەکادیمی جیهانی هاوبەشن دەستنیشان دەکرێن. کۆمەڵێک ئاڵۆزی کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی وەرگرتنی زمانی ئینگلیزی كردارەكی هەیە و چەندین کاریگەری نەرێنی دەروونی و دەستکەوتی لەسەر قوتابیان هەیە و هەر بۆیە ئەم توێژینەوەیە لێکۆڵینەوە دەكا لە کاریگەری ئاڵۆزییە هزری و کولتوورییە هاوبەشەکانی ناو قوتابیان لهسهر فێربوونی زمانهوانی كردارهكی ئینگلیزی. شێوازی چەندایەتی گیراوهتهبهر کە ڕاپرسییەک بهشێوهی ڕاستهوخۆ ئەنجام دراوه لەنێوان نموونەیەک لە (300) مامۆستا کە لە بەشە جیاوازەکانی ئینگلیزی لە زانکۆکانی کوردستان / هەولێر کار دەکەن. ئێس پی ئێس ئێس 23 بەکارهاتووە بۆ هەڵسەنگاندنی وەڵامە کۆکراوەکان و ئەنجامەکان دەریانخست کە چەندین ئاڵۆزیی کولتووری کاریگەریان هەیە لەسەر بهدهستهێنانی قوتابییەکان بۆ زمانەوانی ئینگلیزی كردارهكی، وەک داب و نەریتی شارستانییەتی ڕۆژهەڵات کە حەز بە فێربوونی زمان ناکەن. یەکێکی تر لە ئاڵۆزییە کولتوورییەکان شەرمە، کە کار دەکاتە سەر فێرکار کاتێک ئەو زمانە لەبەردەم کەسانی تردا پراکتیزه دەکات، سەرەڕای ئەوەش زۆرێک لە ئایدیۆلۆژیای هەڵەی تر کاریگەرییان لەسەر فێربوونی زمانەوانیی كردارهكی ئینگلیزی هەیە لەوانە بهچاوی كهم سهیركردنی قوتابیان بۆ شێوازی فێرکردنی هاوچەرخی زمانی ئینگلیزی و ئەو باوەڕە هەڵەی لهنێوان قوتابیاندا ههیه کە فێربوونی ئینگلیزی لەگەڵ کولتوور و فێرکردنی ئیسلامدا نایهتهوه (یهك ناگرێتهوه).هەروەها توێژینەوەکە بهوه گهیشتووه کە پەیوەندییەکی نهرێنی بەهێز هەیە لەگەڵ گرنگی ئاماری نێوان ئاڵۆزییە هزری و کولتوورییەکانی خوێندکاران و فێربوونی زمانەوانی ئینگلیزیی كردارهكی لە بەشەکانی ئینگلیزی لە زانکۆی کوردستان لە ڕێگەی شیکردنەوەی داتاکانی ئامارەوە. هەروەها دەرکەوت کە ئاڵۆزییەکان زیاتر کاریگەرن لە فێربوونی ئینگلیزیی كردارهكی وەک لە ئاڵۆزییە کولتوورییەکان. توێژەر بەپێویستی دهزانێ مامۆستایان مامەڵە به پلەیەکی زیاتری هۆشیاری لەگەڵ نەوەکانی ئێستا بکهن سهبارهت به ئەم ئاڵۆزییانە و بە دوورخستنەوەی زمانی ئینگلیزی لە ئایدیۆلۆژیای هەڵەی کە پێشتر دیاریكراوه و تیشک دەخاتە سەر فێرکردنی وەک زمانێکی بیانیی گرنگ و جیهانی و زاڵبوون بهسهریدا گرنگه بۆ جێبهجێكردن و بهرەو پێش بردنی.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/196
The Use of Technology in Teaching and Learning in Iraqi Kurdistan: Sulaimani Governorate as an Example
2023-02-24T13:04:54+00:00
Jamal Anwar Taha
jamal.taha@univsul.edu.iq

لەم پەنجا ساڵەی ئەم دوایانەدا تەکنەلۆجیا پەروەردەیی بە خێرایی گەشەی کردووە و ئاڵۆزتر بووە. ڕێگاکان و کاریگەری جێبەجێکردنەکانی بووە بە جێگەی سەرنجی زۆر لە تیۆریەکان و توێژینەوەکان. لە ڕابردوودا پەروەردە بۆ چەند شوێنێک بەردەست نەبوون بەڵام تێگەیشتن لەو ئاسانکاریانەی تەکنەلۆجیا کردوویەتی کاریگەری لەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگا کردووە بووە بە بەشێکی کاریگەر لە پڕۆسەی پەروەردە.

ئەم توێژینەوەیە داتای لە ٣٠ خوێندکار و مامۆستا کۆکردۆتەوە لە ٣٠ قوتابخانەی جیاواز لە پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەری تەکنەلۆجیا لاسەر پڕۆسەی فێرکردن و فێربوون لەم قوتابخانانە. هەوڵ دەدات بزانێ تەکنەلۆجیا کاریگەری لەسەر پڕۆسەی فێربوون و فێرکردن هەیە یاخود نا وە تاچی ڕادەیەک خوێندکاران و مامۆستایان تەکنەلۆجیا بەکاردەبەن لە پڕۆسەی فێربوون و فێرکردن. لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوت کە تەکنەلۆجیا کاریگەرێکی ئەرێنی لەسەر پڕۆسەی فێربوون و فێرکردن هەیە، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو زۆربەی خوێندکاران زۆر زیاتر لە مامۆستاکان تەکنەلۆجیا بەکاردەهێنن لە پڕۆسەی فێربوون لەچاو مامۆستاکانیان.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/450
Narrative Analysis of the Iyezidi Chirok of Mir Mih : The Iyezidi Epic of Immortality
2023-09-11T08:54:26+00:00
Lazgin Kheder Barany
lazgin.barany@nawroz.edu.krd
Rania Qaso
Raniamesho751@gmail.com

ئارمانجا ڤێ ڤەکۆلینێ شیکارکرنا رۆمانا ئاینی یا ئێزدی یا میر مەهییە، ئەو ژی داستانا مرن و نەمرنێیە دویڤ بیروباوەریێن ئێزدی، ب رێکا بکارئینانا پەیرەوێ لابۆڤ (١٩٧٢) یا شیکارکرنا ڤەگێرانێ. ڤەکۆلین گەهشتە هندێ کو چیرۆکا میر مەهی بەشەکێ سەرهکییە د ئۆل و کەلتۆرێ ئێزدییاندا و سەرەدەریا کێشا مرن و نەمرنێ دکەت. زێدەباری ئالاڤێن زمانناسی د ڤەگیڕانێدا وەک هاتیە دەربرین ژلایێ لابۆڤی (١٩٧٢) ڤە، ڤەگێرانێ کارتێکرنێن رەوشتی و ئاینی ژی یێن هەین. رۆناهیێ دئێخیتە سەر راستییا کو دبێژیت ئاینێ ئێزدی باوەریێ ب راستییا ژیان پشتی مرنێ دئینیت. ئەو تشتێ کو ئەڤ ڤەگێرانە جیاواز دکەت هزرا ڤەگەریان بۆ بنەرەتێیە، کو دهێتە هژمارتن ئێک ژ لایەنێن گرنگ کو هاتیە دەربرین د ڤێ رۆمانێدا، هەرچەندە ((میر مەهـ)) نەدڤییا بمینیتە ئاسمانان، بەلکو بزڤریتە ناڤ گەل و وەلاتێ خۆ. ڤەکۆلین گەھشتە ھندێ کو رێباز لابۆڤ (1972) کو ژ ڤان توخمێن خوارێ پێکدھێت: کورتی، کریارێ ئارەزووکرنێ، هەڵسەنگاندن، بڕیاردان و شێوە، دھێتە چەسپاندن لسەر چیرۆکا ڤەگێرنێ یا لژێر ڤەکۆلینێ.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/342
Looking for Kurdish Learners’ Correspondences of Shape-Sound Symbolism in the Classic Takete-Maluma Phenomenon
2023-06-17T09:46:10+00:00
Basima Othman Mahmood
basima.mahmood@su.edu.krd
Alan Anwar Hasan
alan.hasan@su.edu.krd

وشە سەرەكییەكان: تاکهڵەووتی تاكيت- مالوما ، سیمبۆلیزمی دەنگ، ئایکۆنیتی، شێوازەکانی گرۆ و کەستەوە، کوردی

لە زمانە سروشتییەکاندا، پەیوەندی نێوان دەنگ و مانا، تەوەری سەرنجدان بووە لە بواری زمانەوانیدا. هەرچەندە زۆربەی ووشەکان پەیوەندی هەڕەمەکی لە نێوان شێوە و ماناکانیاندا نیشان دەدەن، بەڵام بەڵگەیەکی ئایکۆنیبوون هەیە، کە لێکچوون نیشان دەدەن لە نێوان شێوە و مانا دا ، بەتایبەتی لە ووشە ئۆنۆماتۆپۆیکەکاندا. سەبارەت بە کاریگەری بوبا-کیکی کە هەندێک دەنگ بە بەردەوامی پەیوەندییان بە شێوەی بازنەی یان تیژرەوە هەیە، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرفراوان لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە. پێشتر چەندین توێژینەوە جەختیان لەسەر ڕۆڵی پیتە راستەکان کردۆتەوە لەم کاریگەرییەدا، پیتە راستەکان کاریگەرییەکی بەهێزتریان نیشانداوە بە بەراورد بە بزوێنەکان. لەسەر بنەمای ئەمە، ئەم توێژینەوەیە ئامانجی لێکۆڵینەوەیە لە بەکارهێنانی پیتە راستەکان و بزوێنەکان وە کاریگەریان لەسەر بوبا-کیکیدا. دوو تاقیکردنەوەمان ئەنجامداوە بە بەکارهێنانی بابەتی کوردی ، بۆ دەرخستنی کاریگەریی هەر یەک لە پیتە راستەکان و بزوێنەکان بە جیا. تاقیکردنەوەی یەکەم جەخت کراوە لەسەر بەکارهێنانی پیتە راستەکان بە بەکارهێنانی وشەی ساختە لەگەڵ دوو ووشە لە پیتە راستەکان پەیوەست بە شێوەی بازنەی و تیژ، کە لەگەڵ بزوێنە جیاوازەکاندا تێکەڵکرابوون. ئەنجامەکانی شیکاری ئاماریی ئاشکرایان کرد کە پیتە راستەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبوە لەسەر بوبا-کیکی. بە فراوانکردنی ئەم دۆزینەوانە، لە تاقیکردنەوەی دووەمدا، کاریگەریی بزوێنەکانمان بە تەنیا ئەنجامدا، بەبێ گوێدانە چوارچێوەی پیتە راستەکان. بەم پێیە ئامانج ئەوە بوو کە بزانرێت ئایا ئەو کاریگەرییانەی لە تاقیکردنەوەی یەکەمدا بینراون تەنها بەهۆی پیتە راستەکانەوە بووە یان بزوێنەکان خۆیان دەرئەنجامەکەیان دیاری کردووە. دۆزینەوەکانی ئەم تاقیکردنەوە دیارییان خست کە جووتە بزوێنە

/o: / و /u:/ بەردەوام پەیوەندییان بە وێنەی گۆڕاوەوە هەیە، لەکاتێکدا جووتە بزوێن /ɜ:/ و /i:/ بەستراوەتەوە بە وێنەی تیژ. سەرەڕای ئەوەش، پیتەراستەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر پرۆسەی دەنگ و شێوە نەبوو. لێرەوە، دۆزینەوەکانی ئەم توێژینەوەیە بەپەرچی ئەو بۆچوونە دەدەنەوە کە پیوایە پیتەراستەکان بزوێنەری سەرەکی کاریگەری بوبا-کیکین، کەئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ هەندێک لەو لێکۆڵینەوانەی پێشوترکراون. بەڵام تائێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە کاریگەریی بوبا-کیکی لە زمانی کوردیدا ئەنجام نەدراوە. ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوەیە ڕۆشنایی خستنە سەر کاریگەرییە تایبەتەکانی پیتەراستەکان و بزوێنەکان لە هێماسازیی دەنگدا، بە گرنگیدان بە پەیوەندی نێوان دەنگەکان و نموونە بینراوەکان. لە ئەنجامدا، لێکۆڵینەوەکە ڕۆشنایی دەخاتە سەر گەڕان و توێژینەوە و پێشبینی زیاترسەبارەت بە ئەگەرەکانی سروشتی سیستەمی زمان.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##
http://journal.ka.gov.krd/index.php/ka/article/view/441
A Study of Academic Vocabulary Use by Advanced EFL University Students
2023-09-11T06:55:30+00:00
Kawa Q. Muhammad
kawa.muhammad@su.edu.krd
Himdad A. Muhammad
himdad.muhammad@su.edu.krd

نووسینی ئەکادیمی یەکێکە لە توانا هەرە پێویست و گرنگەکان بۆ سەرکەوتنی قوتابی زانکۆ، چ لە ماوەی خوێندن یان بۆ دوای تەواوکردنی خوێندن. بۆ ئەوەی نووسینی ئەکادیمی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بێتە بەرهەم، زانین و پێڕەوکردنی ڕێزمان و وشەی تایبەت بە خۆی پێویستە. یەکێک لە خەسڵەتە هەرە باوەکانی نووسین بە شێوازی ئەکادیمی بریتییە لە بەکارهێنانی وشەی ئەکادیمی. لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانە، ئەم لێکۆڵینەوەیە هاتۆتە ئەنجامدان بە مەبەستی دەرخستنی لایەنە جیاوازەکانی بەکارهێنانی وشەی ئەکادیمی لە لایەن قوتابیانی بەشی زمانی ئینگلیزییەوە. مەبەستی سەرەکی ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆ زانینی لێهاتوویی قوتابیانە لە بەکارهێنانی وشەی ئەکادیمی لە نووسیندا بە شێوەیەکی گشتی. لێکۆڵینەوەکە، مەبەستییەتی قەبارە و دووبارەبوونەوەی ئەو وشانەی قوتابیان بەکاری دێنن دەربخا. هەروەها ئەمەش لەم لێکۆڵینەوەیە چاوەڕوانکراوە کە تێگەیشتنێکی قووڵ بەدەست بێنێ لە بارەی زانست و زانیاریی قوتابیان لەسەر ئەو وشانەی بەکاری دێنن. دروستکردنی لیستی وشە ئەکادیمییەکان و پۆلێنکردنیان لەسەر بنەمای ئەو دابەشکارییەی كۆکسهێد کردوویەتی ئامانجی کۆتایی ئەم لێکۆڵینەوەیەن. بۆ ئەم مەبەستانە، ٣٤ قوتابی زمانی ئینگلیزی کە لە ئاستی پێشکەوتوودا بوون داوایان لێکرا وتارێکی ئارگیومێنت-ئامێز بنووسن لەسەر یەکێك لەو ناونیشانانەی پێیاندرابوو. دوای تەواوبوون و کۆکردنەوەیان، وتارەکان شیکرانەوە و لێکدانەوەیان بۆ کرا لە ڕێگای یەكێك لە باشترین بەرنامەکانی ئینتەرنێت بە ناوی 'پشکنەری دەق'. یەکێک لە دیارترین دەرەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە قوتابیانی (کورد)ی ئاست بەرز لە زمانی ئینگلیزی، بە شێوەیەکی گشتی، توانایەکی دڵخۆشکەریان هەیە لە بەکارهێنانی وشەی ئەکادیمی. یەکێکی دیکە لە دەرەنجامەکان ئەمەیە کە سەرەڕای ئەوەی ژمارەی ئەو وشە ئەکادیمییانەی بەکارهاتوون لە لایەن قوتابیان تا ڕاددەیەک کەمە، بەڵام قوتابیان سەلماندوویانە کە زانیارییان هەیە لەبارەی ئەو وشانە، چونکە زۆربەی وشە بەکارهاتووەکان ئەوانەن کە زۆر باون، هەروەها ڕۆنانی جۆراوجۆریان بۆ کراوە.

2023-09-24T00:00:00+00:00
##submission.copyrightStatement##