سیاسەتی ڕاگواستن و كۆچپێكردنی زۆرەملێی حكومەتی عێراقی بەرانبەر بە بارزانییەكان (1975-1981)
:
https://doi.org/10.56422/ka..58.151:
بارزانییەكان، ڕاگواستن، كۆچپێكردنى زۆرەملێ، حكومەتی عێراقىپوختە
لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لە (1975)، حكومەتی بەعس بە شێوازێكی نەخشە بۆ كێشراو، كەوتە جێبەجێكردنی سیاسەت، نەخشە و پیلانەكانی لە كوردستانی عێراق، هەر لەو چوارچێوەیەدا حكومەتی بەعس، پرۆسەكانی ڕاگواستنی دانیشتوان و وێرانكردنی گوندەكانی ناوچە سنوورییەكان خستە بواری جێبەجێكردنەوە، بەم هۆكارەوە بەشێكی زۆر لە دانیشتوان و گوندەكانی ناوچەی بارزان، ڕووبەڕووی سیاسەتی ڕاگواستن و وێرانكردن بوونەتەوە، بەپێی زانیاریییەكانی نێو بەڵگەنامە فەرمییەكان، پاڵپشت بەو زانیارییانەی لە میانەی سازدانی دیدار لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە بە دەست هاتوون و هەروەها وتەكانی نێو سكاڵای گەواهیدەرەكان لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، سیاسەتی حكومەتی بەعس لەو بارەیەوە پشت ڕاست دەكەنەوە، لە (1975)ەوە بەدواوە شاڵاوەكانی ڕاگواستن لە لایەن حكومەتی عێراق لە دژی بارزانییەكان بە چەند پرۆسەیەكی جیاواز جێبەجێكراون، پرۆسەی یەكەم لە (1975- 1978)، پرۆسەی دووەم لە (1978- 1980)، پرۆسەی سێیەم لە (1980- 1981)، سەرەڕای ئەمانە لە ئەنجامی كاریگەری سیاسەتەكانی حكومەتی بەعس، چەندان لێكەوتە و شوێنەواری نەرێنی سیاسی، ئابووریی، كۆمەڵایەتی و...هتد، لە دژی ناوچەكە و دانیشتووانەكەی لێكەوتەوە، تەنانەت بە تەواوی هەوڵی سڕینەوەی ناوچەكە دراوە، هەریەكە لە بەڕێوەبەرایەتی ناحییەكانی بارزان لە ساڵی (1977)دا، شێروان مەزن لە ساڵی (1982)دا لە لایەن حكومەتی بەعس بە یەكجاری هەڵوەشێندرانەوە. توێژینەوە لەبارەی سیاسەتی حكومەتی عێراق بەرامبەر بە ڕاگواستن و كۆچپێكردنی زۆرەملێی دانیشتووانی بارزان، تێكدان و وێرانركردنی گوندەكانی ناوچەكە گرنگی زۆری هەیە، ئەمەش وێڕای ڕۆڵی مێژووی ناوچەكە و دانیشتووانەكەی لە قۆناغە جیاوازەكانی مێژووی سیاسی كوردستانی عێراق، بەشێوەیەكی ئەكادیمی لای لێ نەكراوەتەوە و گرنگییەكی ئەوتۆی پێنەدراوە، بۆیە دەكرێت لە توێژینەوەیەكی لەم شێوەیەدا تاڕادەیەك تیشك بخرێتە سەر سیاسەتی حكومەتی بەعس، لە بەرامبەر ناوچەكە و دانیشتووانەكەی لە ساڵانی (1975- 1981).