پرسی دادپەروەريی (عەدالەت) لە ڕۆژنامەی (کوردستان) ١٨٩٨ - ١٩٠٢
:
https://doi.org/10.56422/ka..58.468:
ڕۆژنامە، ڕۆژنامەی كوردستان، عەدالەت، میقداد مەدحەت بەدرخان، عەبدولرەحمان بەدرخان بەگپوختە
دەرکردنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی: "کوردستان" لە ٢١ی نیسانی ١٨٩٨ لە قاهیرە، بۆ گەلی کورد، کردنەوەی دەرگایەکی مەزن و پێویست بوو، لەو ڕێگایەوە کورد بتوانی درێژە بە خەباتی ڕەوای خۆی بدات و هێمنانە و لەسەرخۆ، بۆ خەبات و تێکۆشان ئامادەی بکا. دەرکردنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، لەلایەن میرێکی کورد، ئەو خەباتەی ئاسانتر کرد، چونکە خوێنەران، وەک خۆی پەیام و ئامۆژگارییەکانیان وەردەگرت.
لە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، هەموو ئەو بابەتانەی لەدەرگایان دەدرا، جاری یەکەم بوون لە مێژووی ڕۆژنامەگەريی کوردی لەسەریان بنووسرێ، لە ڕاستیدا هیچ ڕەچێتەیەکیش نەبوو، کە میقداد مەدحەت بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەگی برای لەسەری بڕۆن، کە ناوەڕۆکی ڕۆژنامەکەیان چۆن پڕبکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە هەڵسەنگاندنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی تێدەگەین، کە کوڕانی مەدحەت بەگ لە میسر و لە ئەوڕوپا، ڕۆژنامەیەکیان بە ناوەڕۆکێکی زۆر دەوڵەمەند و تێر دەرکردووە، هەتا یەک کورد لەژیان مابێ، شانازی پێوە بکا.
بە خوێندنەوەی هەموو ژمارەکان دەردەکەوێ، کە ڕۆژنامەی "کوردستان" لە دەرگای هەموو ئەو بابەتانەی داوە، کە بۆ کۆمەڵگای کوردەواری نەک تەنیا ئەو کات، بەڵکو هەتا ئێستاش زۆر گرنگن و هەنووکەیی خۆیان لەدەست نەداوە لەوانە: مێژوو، سیاسەت، ئەدەب، کۆمەڵایەتی، پەیوەندی نێودەوڵەتی، عەدالەت، پەروەردە...هتد. کوڕانی بەردخان بەگ، توانییان بناغەیەکی زۆر باش و جوان و پتەوی ڕۆژنامەگەريی کوردی دابمەزرێنن.
جاری یەکەمە توێژینەوەیەک لەسەر بابەتی: دادپەروەری – عەدالەت لە ڕۆژنامەی "کوردستان" دەکرێ، کە پێشتر لایەکی شاراوە بووە و توێژەرانی کورد نەک لەسەر ناوەڕۆکی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، بەڵکو لەسەر ڕۆژنامەکانی دواتر و سەردەمیشیان نەنووسيووە. پشتگوێخستنی ئەو لایەنە گرنگە، بۆشاییەکی گەورەی لە ڕۆژنامەگەريی کوردی دروستکردووە و نەتواندراوە وەک پێویست سوود لە مێژوو و ئەزموونەکانی ڕابردوو وەربگیردرێ لێیەوە فێربین، بۆیە ئەگەر کەموکورتییەک لە ڕۆژنامەگەريی کوردی ئێستا هەبێ، دەکرێ بە یەک لە هۆکانی دابندرێ.
لەو توێژینەوەیە دا بەناوی: (عەدالەت لە ڕۆژنامەی "کوردستان")، زۆر بە وردی باس لە عەدالەت لە کۆمەڵگای کوردەواری ئەو سەردەم کراوە، هەروەها چەند جار و لە چەند ژمارە و لاپەڕە و چ بابەتێک ناوی هاتووە و ئامانج لە باسکردن و نووسین لەسەر ئەوە چ بووە، هەمووی پەنجەی بۆدرێژکراوە و بە وردی باس و شیکردنەوەی بۆکراوە. هەروەها باس لە مانا و سەرهەڵدانی عەدالەت – دادپەروەری لە مێژوو و شارستانیەتی یۆنانی کۆنیش بە کورتی کراوە.