سیمیۆلۆژیای وشە لە شیعرەکانی ئەحمەد محەمەد دا (ڕەنگ، ناو، سروشت
:
سیمیۆلۆژیا - وشە - ڕەنگ - ناو - سروشتپوختە
ئەم توێژینەوەیە لەژێر ناونیشانی (سیمیۆلۆژیای وشە لە شیعرەکانی ئەحمەد محەمەد دا(ڕەنگ، کەسایەتی، سروشت) بە ئەنجامەگەیەنراوە. هەوڵێكە بۆ دەرخستنی ڕەهەندی سیمیۆلۆژی لە شیعرەکانی شاعیردا و هەموو ئەو هێماو ڕەمز و دەلالەتانەی، لە چوارچێوەی وشە لە شیعرەکانیدا ڕەنگیانداوەتەوە. شاعیر چەندین وشەی لە دەقەكانیدا هێناون، کە مەدلوولی دووەمیان هەیە و کۆمەڵێك دەلالەتی واتایی لە پشتیانەوە شاردراوەتەوە، کە بەهۆی سیاق و ئەو شوێنەی وشەکەی تێدا هاتووە دەتوانین لێکدانەوەیان بۆ بکەین و واتای بارکراوی وشەکان بدۆزینەوە. لە توێژینەوەکەدا میتۆدی ''وەسفی- شیکاری'' بە پشت بەستن بە تێڕوانینی سیمیۆلۆژی جۆرج مۆنان بەکار هاتووە.
ئەو ئەنجامانەی لە توێژینەوەکەدا بە دەستهاتوون، بریتیین لە: دۆزینەوەی ڕەهەندی سیمۆلۆژی ئەو وشانەی كە واتای دووەمییان هەیە و واتای تریان لێ باركراوە. كە ئەوانیش وشەکانی كێڵگەی (رەنگ و کەسایەتی و سروشت) ن، چونكە بە شێوەیەکی بڵاو و بەرچاو لە شیعرەکانی شاعیردا بەر چاو دەکەون، شاعیر بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی بەکاریهێناون، هەوڵیداوە بۆ ئەو واتایەخوازراوە بەكاریانبهێنێت، كە لە گەیاندنی واتا و كێشانی وێنەی شیعری و ئیستاتیكا و تێمای دەقەكە گونجاوە.