لێکنەچوون لە شیعری (سالم) دا
:
https://doi.org/10.56422/jka.2.67.987:
کلیلە وشەکان : لێکنەچوون، لێکچوون، ڕوونبێژی، ڕەوانبێژی، سالمپوختە
پوختە
ناونیشانی ئەم توێژینەوەیە (لێکنەچوون لە شیعری (سالم) دا)یە؛ کە دوو ئامانجی هەیە (تایبەتی و گشتی)؛ ئامانجی تایبەتی توێژینەوەکە؛ دەستنیشانکردن و پۆلینکردنی هونەرێکی ڕەوانبێژییە، کە تا ئێستا لە سەرچاوەکانی پێشووی ڕەوانبێژی تێبینی نەکراوە و گرنگی پێنەدراوە. ئامانجی گشتی توێژینەوەکەش ئەوەیە؛ ئەگەر ستراتیجی توێژینەوەکان (لە هەموو بوارەکانی تردا، نەک تەنیا ڕەوانبێژی) بەو شێوەیە بێت، کە لە دەقە کوردییەکانەوە سەرچاوە بگرێت، نەک تیۆری ئامادە بە سەر دەقە کوردییەکاندا جێبەجێ بکرێت، ئەوا دەتوانرێت تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی کوردی بە شێوەیەکی وردتر و زانستی تر دەستنیشان بکرێن.
لە ڕووی میتۆد و کەرەستە و سنووری توێژینەوەکەوە؛ بۆ ناساندنی هونەرێکی نوێ، پێویستە لە سەرەتاوە بە وردی بناسێنرێت و بە هونەرەکانی نزیک لە خۆی یان پێچەوانەی خۆی بەراورد بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە میتۆدی وەسفی و بەراوردی بەکارهێنراوە، لە پۆلینکردن و شیکردنەوەی نموونەکانیشدا میتۆدی شیکاری و ئاماری بەکارهێنراوە. کەرەستە و سنووری توێژینەوەکەش شیعرە کوردییەکانی ناو دیوانی (سالم)ە.
گرنگی و نوێکاری ئەم توێژینەوەیە لەوەدایە، میتۆدێکی جیاوازی گرتۆتە بەر، کە لە ئەنجامی وردبوونەوە و قوڵبوونەوە لە دەقی کوردییەوە ئەنجامی تیۆری بەدەست هاتووە و هونەرێکی نوێی ڕەوانبێژی دەستنیشانکراوە، کە لە سەرچاوەکانی ڕەوانبێژی پێشوودا باس نەکراوە.
لە گرنگترین ئەنجامەکانی توێژینەوەکەش ئەوەیە؛ لێکنەچوون هونەرێکی پێچەوانەی لێکچوواندنە، لە ڕووی داهێنانی هونەرییەوە بەرزبوونەوەیە بۆ سەرووی ئاستی هونەری لێکچوواندن. ئەگەر لێکچوواندن لەسەر بنەمای نزیکی و گونجان دروست بێت، ئەوا لێکنەچوون بە پێچەوانەوە لەسەر بنەمای جیاوازی و نەگونجان دروست دەبێت. (سالم) بە ئاگایی و بە مەبەستەوە ئەم هونەرەی داڕشتووە، ویستوویەتی کلێشەی دەربڕینی باو تێکبشکێنێت.