ڕەنگدانەوەی کچ و دەلالەتەکانی لە حەیرانەکانی »ڕەسول بێزار گەردی)دا
:
https://doi.org/10.56422/jka.4.64.825:
فۆلکلۆر - حەیران، - دەق - کچ - کوڕپوختە
زمانی حەیرانەکان، زمانی نشینانی گوند و کۆچەرییانە، هیچ دەرکەوتەیەکی شارستانی پێوە دیار نییە، واتە هیچ هونەرمەندێکی شارستانی کە مەقام و قۆریاتیان چڕیوە، ناتوانن وەک حەیرانبێژەکان دوورکەونەوە لە مەبەست و دەربڕینی شارستانی، چونکە ئەوان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەدەبیاتی شارستانی. کچ کارەکتەرێکی کۆمەڵایەتی بەهێزە و پێگەیەکی دیاری لەنێو حەیرانەکاندا هەیە، کچ بەشدارە لە هەموو کارێکی هەرەوەزی لە تەک پیاوەکاندا. لە حەیرنەکاندا دەردەکەوێت، کە کچەتیمە حەیران دەورێکی دروستی گێڕاوە لەسەرگرتنی ئەو پەیمانەی بە کوڕەتیمە حەیرانی داوە.
سروشت و هەڵکەوتەی حەیران، شێوەیەکی جوگرافی دیاریکراوی هەیە و تەنها کورد خاوەنی ئەم جۆرە هونەرەیە، ناوچەی قەراج و کەندێناوە شوێنی سەرهەڵدانی هونەری حەیرانە، ئەمەش لەسەرچاوەکان پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام لەهەندێک ناوچەی دیکەی سنووری جوگرافی ناوچەکانی حەیران بە شێوەزاری جیاواز حەیران گووتراوە، بەڵام لەنێو دەقەکانیدا کاریگەری شێوەزاری ناوچەی قەراج و کەندێناوەی بەسەردا دەردەکەوێت.
پێشینەی هەندێک لەو نووسینانەی لەبارەی حەیرانەوە کراون، دەریچەیەکن بۆ گەیشتن بە هەندێک لایەنی هونەری دەقی حەیران، بەڵام ئامانج و پرسی پەیام لەنێو دەقەکاندا بەهەند هەڵنەگیراوە، ئەم توێژینەوەیەی ئێمە هەوڵێکە لە خستنەڕووی تێکۆشانی ژن لەنێو کایەی کۆمەڵایەتی و کار و کرداردا.